خزمەتگوزاری زانستی


6/23/2019

زانکۆی ئازادی کوردستان لە شاری سنە خاوەنی نزیکەی 110000 بابەت پەرتووکی زانستی بە زمانی فارسی و 8000 بابەت بە زمانەکانی دیکە و 6000 بابەت تێزی خوێندکارانی زانکۆ لە خوێندنی باڵا دا و زۆرتر لە  500 گەڵالەی توێژینەوەیە. هاوکات لە گەڵ ئەمانە، زانکۆ لە بەسی چاپی کتێب و گۆڤاری زانستی دا هەنگاوی گرینگی ناوە و لە ئاستی ئێران لەم بوارانەش دا بە رێژەیەکی بەرچاو سەرکەوتوو بووە. زۆرتر لە 50 بابەت کتێبی زانستی لە چاپ داوە و خاوەنی سێ گۆڤاری زانستی _ توێژینەوەییە کە بە شێوەی وەرزنامە لێکۆڵینەوەکان و وتارە زانستیەکان لە ئاستی ئێران وەردەگرێ و بڵاویان دەکاتەوە. ئەم گۆڤارانە بریتین لە گۆڤاری "کارگێڕی پیشەیی"، "زمان و وێژەی فارسی" و "پزیشکی ئاژەڵان".

زانکۆی ئازادی کوردستان خاوەنی 22 ئەنجۆمەنی زانستی و توێژینەوەیە کە پاڵپشت و هاندەری خوێندکارانە لە کاری زانستی دا و بەردەوام بەرەو زانستی نوێ و داهێنانی تازە پەروەردەیان دەکا. ئەم ئەنجۆمەنانە لە ژێر چاوەدێری و بە رێنمایی سەرۆک بەشەکان و جێگری سەرۆکایەتی زانکۆ بۆ کاروباری توێژینەوە، چالاکیەکانی خۆیان بەڕێوە دەبەن و بریتین لە ئەنجۆمەنەکانی ئابووری، ژمێریاری، یاسا، پەرستاری، مامایی، تەکنۆلۆژیای زانیاری، مێعماری، هونەر، پیشە، مێکانیک، بیناسازی و ئاوەدانی، رووپێوی، دەروون­ناسی، ژین­ناسی و بایۆلۆژی، ئەدەبی فارسی، زمانی ئینگلیزی، پزیشکی ئاژەڵان، کشتوکاڵ، زانستی کۆمەڵناسی، وەرگێڕی زمانی فەرەنسی، کارگێڕی و ئەندازیاری کیمیا. هەندێک لەم ئەنجۆمەنانە خاوەنی گۆڤاری خوێندکاری زانستی تایبەت بە خۆیانن و ساڵانە دەیان خولی پسپۆڕیو گەشتی زانستی و وۆرکشۆپی پێوەندیدار بە بەشەکەی خۆیان بەڕێوە دەبەن.

زانکۆی ئازادی کوردستان خاوەنی زۆرتر لە 70 تاقیگەی پسپۆڕی و پرۆفێشناڵە کە لە بەردەست خوێندکاران و مامۆستایانی بەشە زانستیەکان دایە و هاوکات لە گەڵ سیستەمی تاقیگەکانی 400 لقی زانکۆی ئازاد لە سەرتاسەری ئێران لە ژێر ناوی "سیستەمی ساها"دا پێوەندی و هاوکاریان هەیە.