زانکۆی ئازادی ئیسلامی کوردستان – سنە


6/23/2019

زانکۆی ئازادی ئیسلامی  1982 دامەزراوە و ساڵی 1983 لە شاری سنە لقی زانکۆی ئازادی کوردستان سنە کراوەتەوە. لە گرینگترین ناوەندەکانی خوێندن و پێگەیاندن و پەورەردە لە پارێزگای کوردستان دێتە ئەژمار و لە سەر ئاستی ئێران پلەیەکی بەرچاوی هەیە. لە سەرجەم بوارەکانی زانست، فێرکاری و پەروەردە، توێژینەوە و داهێنان لە ئاستێکی زۆر بەرز دا چالاک بووە. لە ئاستی دیپڵۆم، بەکالۆریا، ماستەر و دکتۆرا خوێندکار وەردەگرێ و ئێستا لە پارێزگای کوردستان نزیک بە 16000 خوێندکاری هەیە کە 12000 کەسیان لە لقی سنە خەریکی خوێندنن. زانکۆی ئازادی کوردستان خاوەنی یەک پەیمانگە و 7 کۆلێجە کە لە قۆناخە جیاوازەکانی خوێندن دا زۆرتر لە 238 بەشی خوێندن و 590 مامۆستا و ئەندامی لێژنەی زانستی هەیە. ئەم زانکۆیە لە شاری سنە لە رووبەرێکی زۆر بەرفراوان لە چەن ناوچەی جیاواز دا هەڵکەوتووە و چەن کۆمەڵگەیەکی خوێندنی پڕ لە خزمەتگوزاری زانستی و خوێندکاری هەیە و هەر کامەیان تەرخان کراوە بۆ چەن کۆلیجێکی پێوەندی­دار.

زانکۆی ئازادی کوردستان (سنە) خاوەنی حەوت کۆلێجە کە بریتین لە کۆلیجەکانی زانستە مرۆییەکان، زانستە بنەماییەکان، کشت­وکاڵ و سەرچاوەسروشتیەکان، پزیشکی ئاژەڵان، تەکنیکی و ئەندازیاری، زانستی پەروەردە و دەروونناسی، پەرستاری و مامایی.

ماوەی چەن ساڵە کە دایرەی پێوەندی زانستی نێودەوڵەتی زانکۆ لە گەڵ وڵاتانی دیکە دا پێوەندیەکی بەرچاو و ئەوتۆی سازکردووە و لە ئێستا لە 16 وڵاتی دنیا دا نووسینگەی هەیە و پێوەندی زانستی و گۆڕینەوەی ئەزموون و زانستی هەیە. زانکۆی ئازادی کوردستانێش هەر لە سەر ئەو بنەمایە پێوەندیەکی قووڵی لە گەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان و زانکۆکان و ناوەندەکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستان هەیە. لە ئێستا دا بە رێژەیەکی بەرچاو لە خوێندکارەکانی هەرێمی کوردستان لە سەرجەم بەشە زانستیەکانی زانکۆی ئازادی کوردستان لە ئاستی بەکالۆریا، ماستەر و دکتۆرا خەریکی خوێندن و توێژینەوەن. ئەم پێوەندیە رۆژ لە دوای رۆژ لە پەرەسەندن دایە و بە هۆی پێوەندی کەلتووری، نزیکی رێگا، تێچووی زۆر کەم و ئاسانکاری دەوڵەتی ئێران و حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەروەها گەشەی زانستی و خزمەتگوزاری زانکۆی ئازادی کوردستان لە هەڵکشان دایە و ئاسۆیەکی روونی پێوە دیارە و لە داهاتوویەکی نزیک دا کردنەوەی لقی زانکۆی ئازادی کوردستانی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان دا لێ دەکەوێتەوە.

زانکۆی ئازادی کوردستان لە چەن ساڵی رابردوو دا 497 بابەت گەڵالە و پرۆژەی توێژینەوەی زانستی لە نێوخۆی و دەرەوەی زانکۆ دا گەیاندووە بە ئەنجام و 361 بابەت توێژینەوە و وتاری زانستی لە کۆنفرانسە نێوخۆیی لە ئاستی ئێران دا و 343 وتاری زانستی لە سێمینارە نێودەوڵەتیەکان دا پێشکەش کردووە و 416 وتاری زانستی و توێژینەوەیی لە گۆڤارە زانستی و باوڕپێکراوەکانی ئێران دا و 587 وتاری ISI لە ئاستی نێودەوڵەتی دا چاپ کردووە.

لە دە ساڵی رابردوو دا 24 کۆنفرانسی زانستی و توێژینەوەیی نیشتمانی لە ئاستی ئێران دا، 21 کۆنفرانس لە ئاستی ناوچەی رۆژئاوای ئێران و پارێزگای کوردستان دا و 4 کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بەڕێوەبردووە. 5 جار رکابەریەکانی رۆباتیک و 2 جار رکابەری ستراکچەری سپاگێتی (ماکارۆنی) لە ئاستی ئێران لە زانکۆی ئازادی کوردستان دا بەڕێوەچووە.

کتێبخانەکانی ئەم زانکۆیە خاوەنی 120000 بابەت کتێب بە زمانی فارسی و زمانەکانی دیکەن. خوێندکارانی زانکۆی ئازادی کوردستان لە 72 کارگە و تاقیگەی زانستی بەهرەمەندن و ئەم تاقیگانە خراونەتە خزمەتی توێژینەوەکانی خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ و هەر وەها دەتوانن لە سەرجەم تاقیگەکانی زانکۆ ئازادی سەر ئاستی ئێران کە پێکهاتوون لە 400 لقی ئەم زانکۆیە لە شارەکانی دیکەی ئێران دا لە ژێر ناوی سیستەمی "ساها" دا بە گوێرەی پێویست کەڵک وەربگرن.

خوێندکارانی زانکۆی ئازادی کوردستان لە شاری سنە لە رکابەریەکانی زانکۆکانی ئێران دا کە لە زانکۆی "سەنعەتی شەریف" لە تاران بەڕێوە چوو لە ساڵی 2015 پلەی یەکەمیان لە دیزاین و سازکردنی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان دا بە دەس­هێنا. ئەم سەرکەوتنە لە سەر دەستی خوێندکارانی بەشی ئەندازیاری میکانیک پێکهات. ساڵی 2014 لە رکابەریەکانی بەلەمی زیرەک زانکۆی "سەنعەتی شەریف" لە تاران هەر لە سەر دەستی ئەم خوێندکارانە پلەی سێهەم بە ناوی زانکۆی ئازادی کوردستان سنە تۆمار کرا. لە ساڵی 2015 لە بەشی کیمیا لە کێبەرکێ­یەکانی سەر ئاستی ئێران لە بواری "نانۆ" دا پلەی سێهەم بۆ زانکۆی ئازادی کوردستان تۆمار کرا. لە ساڵی 2013 خوێندکارێکی بەشی ئەندازیاری ئەلکترۆنیکی زانکۆ لە رکابەری رۆباتیک دا پلەی سێهەمی بە دەست هێنا لە کێبەرکێ شوێنهەڵگری پێشکەوتوو (Global Positioning System) دا. هەروەها دەیان خەڵاتی بەنرخی دیکە لە لایەن خوێندکاران و مامۆستاکانی زانکۆی ئازادی کوردستان لە بەشە جۆراوجۆرەکانی دا وەرگیراون کە سەلمێنەری پێگەی زانستی و تواناکانی خوێندکارانی زانکۆی ئازادی کوردستانن کە لە سەر دەستی مامۆستاکانی ئەم زانکۆیە پەروەردەکراون و پێگەیندراون. هاوکات لە گەڵ بەشی زانستی لە بەشی وەرزشی دا خوێندکارانی زانکۆ سەرکەوتنی گەورەیان لە سەر ئاستی ئێران بە دەست هێناوە.

ناوەندی توێژینەوەی کوردستانناسی یەکێکی دیکە لە ناوەندە زانستیەکانی زانکۆی ئازادی کوردستانە کە ماوەی چەند ساڵە لە بواری زمان و ئەدەب، مێژوو و کۆمەڵناسی و کەلەپووری کورد، هونەر و مێعماری کوردستان و هەروەها توێژینەوە نێوەدەوڵەتیەکانی تایبەت بە کوردستان دا چالاکی هەیە و خاوەنی دەیان پرۆژە و توێژینەوەی بەنرخ و جێ­سەرنجە.

ناوەندی خزمەتگوزاری راوێژکاری و دەروونناسی زانکۆ بە مەبەستی خزمەتگوزاری بە خوێندکاران و هاووڵاتیان دامەزراوە و بە شێوازێکی زۆر پسپۆڕانە لە بواری راوێژکاری و دەروونناسی دا ئەرکەکانی خۆی رادەپەڕێنێ. ئەم ناوەندە ساڵانە دەیان خول و سێمینار بە مەبەستی راهێنان و پەروەردە و فێرکار دەروونناسی بەڕێوە دەبات و رۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە چارەسەرکردنی کێشە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان دا بە تایبەت چارەسەری کێشەی خێزانی و بنەماڵەکان و قوتابیان.

کلووپی توێژەرانی گەنج بەشێکی دیکەی زانکۆی ئازادی کوردستانە کە پشتیوانی چینی گەنج لە نێوخۆی زانکۆ و دەرەوەی زانکۆ دەکات لە بواری کاری زانستی و توێژینەوە دا و بۆ ئەم مەبەستەش هەموو جۆرە هاوکاری و یارمەتی­یەک پێشکەشی توێژی گەنج و لاوان دەکات.